ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو و ڕوانگە کولتوورییەکان سەبارەت بە خۆکوشتن
خۆکوشتن لە سەرەتای مێژووە هەبووە. بەڵام وشەی خۆکوشتن بە لاتینی suicide لە سەدەی هەڤدە دروست بووە. سوی (sui) یانی خۆ و سئید (cide) بە مانای کوشتن. ڕوانگەی کولتورەکان بۆ ئەم کارە جیاوازە. چەند کەسایەتی مێژوویی جووەکان بەرەو پیری ئەوە دەچن کە خۆیان بکوژن. لە نێو کولتوری یۆنانی کۆنیشدا لە ئامێز گرتنی مردن (وشەیەک کە ئەودەم بۆ خۆکوشتن بەکار دەهات) کارێکی ئاسایی بوو. سوقراتی فەیلەسووف ژەهرەکەی خوارد، خۆی کوشت بەڵام ڕازی نەبوو کە وڵات بە دزی و ترسەوە جێ بهێڵێت. ژاپۆنییەکان پێیان وایە کە خۆکوژی لەگەڵ مرۆڤ لە دایک دەبێت. هەروەها، سامۆراییەکان کاتێ هاراکیری (خۆکوژییان) دەکرد کە شەرمێکی زۆر بەرۆکی پێ دەگرتن و بۆیە بە شانازییەوە خۆکوشتنیان لە ئامێز دەگرت.
مۆنتسکیۆ (١٦٨٩-١٧٥٥) لە سەرەتای سەدەی هەڤدەهەم پێی وابوو کە خۆکوشتن لە وەرزی زستان و لە ئاوهەوای هەوری پتر ڕوودەدات. یەکێ لە کەسە ناودارەکان کە لەسەر ئەم کارە بەرهەمی هەیە ئێمیل دورکهایمە1 (١٨٥٨-١٩١٧). دورکهایم کۆمەڵناسی سەدەی نۆزدەیە و بەشێکی زۆری ژیانی خۆی بۆ توێژینەوە لەسەر ئەم ڕەفتارە تەرخان کردووە. دورکهیام لە کتێبی خۆکوشتن زۆر بە وردی بەسەر گریمانە باوەکانی خۆکوشتندا دێتەوە و پووچەڵیان دەکاتەوە. لەو کتێبە پەیوەندی خۆکوژی لەگەڵ کەشوهەوا و بەرزایی زەوی لە ئاستی دەریا و هەروەها ساتەکانی هەبوونی ڕۆژ لە ئاسمان بەراورد دەکات و هۆکارەکانی زیادی یا کەمی خۆکوشتن شیی دەکاتەوە. دورکهایم تەنانەت ڕۆڵی ئایینیش لەبەرامبەر ئەم کارە لە بەرچاو دەگرێت.
🔎بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەم بوارەدا و شیکردنەوەی کاریگەریی هۆکارە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، بابەتەکانی ناو سایتەکە بخوێنەوە.
ڕوانگەی دورکهایم سهبارەت بە خۆکوشتن
بە گشتی دورکهایم2 پێی وایە هۆیە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر هەڵدانی خۆکوژی دا کاریگەر ترن و لە دوواییدا بە چەن ئامانجی گشتی دەگات لەوانە:
- ئەو کەسانەی هاوسەرگیریان کردووە کەمتر خۆیان دەکوژن.
- ئەو کەسانەی بنەماڵەیەکی گەورەتریان هەیە کەمتر بە لای خۆکوشتن دا دەچن.
- کاتی شەڕ و پێکدادان لە کۆمەڵگا خۆکوژی کەمتر دەبێتەوە.
- کاتێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان ڕوو لە زیاد بوونن خۆکوژی کەمتر ڕوو دەدات.
دورکهایم پێی وابوو بە گشتی ٤ جۆری جیاوازی خۆکوشتنمان هەیە:
- خۆکوشتنی خۆپەرەستانە کە لەو کەسانەدا زۆرتر دەبیندرێ کە پەیوەندییان لەگەڵ بۆنە کۆمەلایتییەکان و ئاینییەکان زۆر لاوازە، ئەو کەسانە خۆیان دەکوژن کە ئازار و مەینەت بۆ کەسانی دوای خۆیان جێ بهێڵن.
- خۆکوشتنی فیداکارانە کە زۆرتر لە بەساڵاچووان دەبیندرێ کە هاوسەفەری ژیانیان دوای ساڵانێکی زۆر پێکەوە ژیان لەدەس دەدەن یان ئەندامی گروپە سیاسییەکان کە دوای نوشوستی حیزبەکانیان و مردنی سەرۆکەکانیان خۆکوشتنی فیداکارانە دەکەن و گیانیان فیدا دەکەن.
- خۆکوشتنی نائاسایی: ئەو شێوە خۆکوشتنە کاتێ ڕوو دەدات کە لەناکاو بایەخەکانی کۆمەڵگا ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت و لە ناو بچن. بۆ وێنە، کاتی شۆڕش بایەخە کۆمەڵایەتیەکان وەکوو خۆیان نامێنین و کەسانی دیکە دەبنە ئیش بە دەست و گەورەی جڤاک. دوای ڕووخانی ئاڵمانی نازی ڕادەی خۆکوژی زیادی کرد؛ ئەوە خۆکوژی نائاساییە کە شتەکان لە جێگای خۆیان نەماون.
- جۆری دوواهەمین، خۆکوشتنی چارەنووس باوەڕییانەیە. ئەو کەسانەی باوەڕیان وایە کە نالەباری ژیانیان لە ئامانجی چارەنووسە و ناتوانن چارەنووس بگۆڕن تووشی ئەو شێوازە لە خۆکوشتن دەبن. دورکهایم بۆ نووسینی ئەو کتێبە زۆر حەول و تەقەلای دا. ئاکامەکەشی کارێکی زانستیی و پتەوی پێشکەش کردووە. بەڵام لەزۆر جێگاش دا شیکردنەوەکانی هەڵەیان تێدایە. زۆر جار، هۆیەکانی دیکەی خۆکوژی لەبەر چاوی ون بوون.
دوای دورکهایم شیکاری هۆی خۆکوشتن زۆرتر بە بوارێکی دیکەدا چوو. توێژەران پتر هۆیە دەروونییەکانیان لەبەر چاو گرت. دورکهایم زۆر بە قووڵی سەیری دیاردەی خۆکوشتنی دەکرد و پێی وانەبوو ئەم کارە تەنیا لەبەر یەک هۆ ڕوو بدات، زۆر دەروونناسی سەردەمیش لایان وابوو کە خۆکوژی چەن هۆکردییە.
🌟 ڕێگای باشترکردنی تەندروستی دەروونی بدۆزەوە!
📚 ئامۆژگاری وەربگرە، زیاتر هۆشیاربە، بەهێزتر مامەڵە بکە.
💬 بۆ وەرگرتنی پشتگیری و کۆدەنگی لەگەڵ دەروونناسە بەئەزموونەکان، هەر ئێستا جەلەسەی دەروونشیکاری بگرەوە
ڕوانگەی دەروونپزیشکی سهبارەت بە خۆکوشتن
دەروونپزیشکی3 ئەوکات بەو ئاکامە گەیشت کە پیاوەکان سێ جار زیاتر لە ژنان خۆیان دەکوژن. بەڵام هەوڵەکانی خۆکوشتن لە ژنان سێ جار لە پیاوان زیاترە. بەو پێیە ژنەکان بۆیە هەوڵی خۆکوشتنیان زۆرترە لەبەر ئەوەی کەمتر شێوەی زۆر سامناک بەکار دێنن. بۆ وێنە، پیاوەکان بە تفەنگ خۆیان دەکوژن یان لە بەرزایی ڕا خۆیان دەخەنە خوارەوە کە ئەگەری زۆرتری هەیە بمرن لەبەرامبەر ژنەکان کە بۆ خۆکوشتن زۆرتر دەرمان دەخۆن. یان چەن هۆی دیکە. وەکوو ئەوەی کە خەمۆکی لە پیاوان دا زۆر دەمێنێتەوە لەبەر ئەوەی پێیان شوورەییە سەردانی دەروونناس بکەن. زۆربەی پیاوان، خەمۆکی بە نەخۆشییەکی ژنانە دەزانن و پتر لە خۆیان دا دەیهێڵنەوە.
ڕوانگەی توماس جۆینەر سهبارەت بە خۆکوشتن
توماس جۆینەر4(1965) دەروونناسی ئەمریکی و شارەزای زانستی خۆکوشتنە. جۆینەر کاتێک قوتابی ساڵی یەکەمی دەروونناسی دەبێت باوکی بە شێوەیەکی زۆر ناخۆش خۆی دەکوژێت. لە کاتی لۆری ئاژواندن دا بە دەبانێک ڕەگی دەبڕێت و دوایەش لە دڵی خۆی دەدا. هەر بەو هۆیە جۆینەر دەیهەوێت هۆی خۆکوشتن بزانێت.
جۆینەر لە کتێبی بۆ خەڵک بە خۆکوشتن دەمرن (Why People Die by Suicide) ئاماژە بە چەن تێبینی سەرەکی دەکات. زۆرینەی تێبینیەکان کۆکراوەی توێژنەوەکانی پێش خۆیشی هەن. بە پێی کتێبەکەی جۆینەر ئێمە زۆربەی کاتەکان بیر لە ئەم کارە دەکەیەنەوە. لە ڕاستیدا بیری ئەم ڕەفتارە زۆر زیادی کردووە. هەوڵ بۆ خۆکوژی گەورەترین نیشانەیە بۆ ئەوەی پیشانمان بدات کە کەسێ خۆی دەکوژێت. یانی گەر کەسێ پێشتر هەوڵی خۆکوژی دابێت بۆی هەیە زۆرتر بۆ لای خۆکوشتن بچێت.
بیردۆزییەکی دیکەی جۆینەر ئەوە بوو کە ئەو کەسانەی لەگەڵ مردن ڕۆژانە ڕووبەڕوو دەبنەوە ئاسانتر خۆیان دەکوژن. بەو پێیە، دکتۆرەکان و پەرەستارەکان کە ڕۆژانە دەبینن کەسێک دەمرێت وا دەزانن کە مردن زۆر سامداریش نییە؛ بۆیە هەر کاتێ بیری خۆکوژی هات بەڵەی پێ دەڵێن. بە گشتی جۆینێر باوەری وایە کە حەز و ویستی ئەم کارە لە کەسێکدا نابێتە تەنیا هۆکاری خۆکوشتن بەڵکوو دەبێت توانا و دڵوجەرگی ئەوەی هەبێت کە خۆی بکوژێت.
ڕوانگەی بایۆلۆجیستەکان سهبارەت بە خۆکوشتن
بە پێی باوەڕی بایۆلۆجیستەکان هۆرمۆنی کۆرتیزۆل5 لەو کەسانەی خۆیان دەکوژن زیاترە. هەروەها پەیوەندی نێوان هۆرمۆنی سێرۆتۆنین6 و خۆکوشتن ڕوون کراوەتەوە.
پسپۆرانی بەشی دەروون بە گشتی باسی چەن نیشانە دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو کەسەی کە هەوڵی خۆکوشتن7 دەدات بیناسنەوە. کەسێ کە مەیلی خۆکوژی هەیە لە قسەکردنی دا زۆر ڕابردووباوەڕانە دەدوێت. یانی پێی وایە ئەوەی لە ڕابردوو هەبووە زۆر باش و ڕێکوپێک بووە. هەروەها، لەبارەی داهاتوو بە گومانەوە قسە دەکا. ئەو کاتەی بەردەوام فکری ناخۆش دە مێشکماندا کەڵکەڵە دەبێت. گەر بەردەوام لەو دۆخەدا بین شیمانەی ئەوەی هەیە کە فکرەکانی خۆکوشتن8 بێنە نێو سەرمانەوە و بەرەو هەوڵی خۆکوشتن بچین یان بە داوی ئەم ڕەفتارە بکەوین. هەبوونی هەستە ناخۆشەکان (ئیرەیی بردن، شەرم کردن، تووڕەیی زۆر)بە بەردەوامی دەبێتە هۆی زیادکردنی بیری خۆکوژی لە کەسانی خەمۆکدا. ڕەفتاری وەکوو گریانی زۆر، گۆشەگیری و نەدۆن بوون و دواتر نیشانە جەستییەکان وەکوو دڵەکوتە و هەناسە بڕکێ ئەو پەیوەندییە زیاد دەکات.
بە پێی توێژینەوە ئاکادێمییەکان، فکرەکانی خۆکوژی لەپڕێکا و لەناکاو ڕوو دەدات. ٧٠ لە سەتی خۆکوشتنەکان لە یەک کاژێری یەکەمی تەوژمی بیری خۆکوشتن ڕوو دەدەن. هەر بۆیە دەبێ خۆتێوەردان لەو یەکەمین کاژێرە زۆر خێرا بێ.
📲 گفتوگۆ و هۆشیاری، ڕێگایەک بۆ ئارامی زیاتر!
🌐 بۆ سود وەرگرتن لە ناوەڕۆکی تایبەت و زانیاری بەسوود لە ئینستاگرام و تێلێگرام فۆڵۆومان بکەن.
📸 ئینستاگرامی تاو
📣 تێلێگرامی تاو
نووسەر: ئەمیر عەبدوڵاپوور دەروونناسی کلینیکی تاو