خەمۆکی
نووسەر: ئەمیر عەبدوڵاپوور
خەمۆکی دۆخێکی تایبەتی دەروونییە کە کەسایەتی دووچاری خەمباری و دوورکەوتنەوە لە چالاکی دەکات. بە پێی ئاماژەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەم نەخۆشییە کاریگەری لەسەر نزیکەی ٣.٥٪ی دانیشتوانی جیهان، نزیکەی ٢٨٠ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا کردووە.
خەمۆکی چەندین سەرچاوە و هۆکاری هەیە کە زۆربەی کات لێک گرێدراون. خەمۆکی دەکرێت هەندێک نیشانە بێت بۆ نەخۆشیی دەروونی دیکە کە بە گشتی بە نەخۆشی دەروون ناو دەبردێن، وەک
نەخۆشیی دەروونی ماژۆر Major Depressive Disorder
نەخۆشیی دەروونی دوو جەمسەری bipolar disorder
نەخۆشیی خەمۆکی درێژخایەن dysthymia
خەمۆکی دەتوانێت کاردانەوەیەک بێت بەرامبەر بە ترۆما و تەنگەشەکانی ژیان. هەروەها، زۆر جار خەمۆکی کاردانەوەی هەندێک نەخۆشی جەستەیی و کاریگەری لاوەکی هەندێک دەرمانە کە ڕوو دەدات.
نیشانەکانی خەمۆکی
خەمۆکی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە، ڕەفتار، هەست و لەشساغی تاک دەکات. ئەو چێژ یان خۆشییەی کە کەسێک لە ئەزموونی تایبەت وەریدەگرێت، کەم دەبێتەوە، و کەسی تووشبوو زۆرجار دووچاری لەدەستدانی هاندەر یان گرنگیدان بەو چالاکییانە دەبێت کە پێشتر گرینگیان هەبوو و چێژبەخش بوون.
کەسانی تووشبووی خەمۆکی لەوانەیە ئەم نیشانانەیان هەبێت:
- خەمباری
- هەستی بێ هیوایی یان بێزاری
- ئەستەمی لە بیرکردنەوە و چڕبوونەوە
- گۆڕانکاری بەرچاو لە ئارەزووی خواردن یان کاتی خەوتن
هەروەها بیرۆکەی خۆکوشتنیش لەوانەیە لای کەسی تووشبوو دروست ببێت.
ئەو کەسەی تووشی نەخۆشی ماژۆر دەبێت، بە گشتی لە هەموو لایەنەکانی ژیان خەمبارە و ناتوانێت چێژ لەو چالاکییانە وەربگرێت کە پێشتر پێیان خۆشحاڵ دەبوو. کەسانی خەمۆک زۆر سەرقاڵی بیرکردنەوە دەبن و زۆر بیر لە هەستی بێبەهایی و نەگونجاو دەکەنەوە.
نیشانەکانی تری خەمۆکی بریتین لە:
- چڕبوونەوە و بیرگەی لاواز
- دوور کەوتنەوە لە بۆنە کۆمەڵایتییەکان و هەر چەشنە چالاکییەکی جەماوەری
- هەڵچوون و تووڕەیی زۆر (بە تایبەت لە مێرمنداڵان)
کەسی توشبوو بە نەخۆشیی خەمۆکی کێشەی بەردەوامی لەگەڵ خەو دەبێت. لە شێوازی نموونەییدا، کەسەکە زۆر زوو لە خەو هەڵدەستێت و ناتوانێت دووبارە بخەوێتەوە. هەروەها، زۆر خەوتن و درێژە دانی خەو تا کاتێکی نائاسایی دەتوانێت ڕوو بدات.
بە پێی پێوەرەکانی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی WHO لە وڵاتانی لەگەشەدا گلەیی جەستەیی باوترین کێشەی نیشاندراو بۆ خەمۆکییە. کەسی خەمۆک لەوانەیە چەندین نیشانەی جەستەیی هاوکات لەگەڵ نیشانە دەروونییەکان هەبێت. کێشەی جەستەیی وەکوو ماندوو بوون، سەر ئێشە و کێشەی خواردن و خواردنەوە. ئیشتیها زۆر جار کەم دەبێتەوە و دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی کێش و هەندێک جار ئیشتیهای زۆر کێش بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.
خەمۆکی کاریگەری بەرچاوی لەسەر پەیوەندییە کەسی و خێزانییەکان، ژیانی کار و خوێندن، خەو و خواردن و تەندروستی گشتی کەسەکە هەیە.
بەساڵاچووانی خەمۆک لەوانەیە شتیان بیربچێتەوە و خاو بوونەوەیەک لە جووڵە کردنیان ببیندرێت.
منداڵانی خەمۆک تووڕەیی زۆرتر لە منداڵانی هاوتەمەنیان پیشان دەدەن و لەگەڵ منداڵانی دیکە زۆرتر دمەقاڵەیان دەبێت. گرینگی دان بە قوتابخانە لە دەست دەدەن و دابەزینێکی زۆر لە ئاستی خوێندنیان دەدیترێت.
چارەسەری خەمۆکی
چارەسەرییە باوەکانی خەمۆکی بریتین لە چارەسەری دەروونی و دەرمان. کەڵک وەرگرتنی هاوکات لە چارەسەری دەروونی و دەرمان بۆ ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی درێژخایەنن گونجاوترە.
شێوازی ژیان
جووڵەی جەستەیی بۆ چارەسەری کردنی خەمۆکی لاواز کاریگەرە. هەندێک توێژینەوە نیشانیان داوە کە جووڵەی جەستەیی لە هەندێک کەسدا هاوتایە بە دەرمان خواردن.
چارەسەری دەروونی
چارەسەری دەروونی لە ڕێگای گفتوگۆ لە لایان دەروونناس، ڕاوێژکار، دەروونشیکار و دەروونپزیشکەوە ئەنجام دەدرێت. چارەسەری دەروونی بە گشتی لە کەم کردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکیدا کاریگەرە.
چارەسەری دەروونی ڕەفتاری- مەعریفی (Cognitive-Behavior Therapy) بەڵگەمەندترین شێوازی چارەسەری بۆ خەمۆکییە. چارەسەری دەروونی ڕەفتاری-مەعریفی لەخۆگری چەندین شێوازی جیاوازی دەرمانە کە هەموویان لە کەم کردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی دا کاریگەرن. بەشی زۆری دەروونناسان و ڕاوێژکاران لە CBT بۆ چارەسەری خەمۆکی کەڵک وەردەگرن. جەلەسە دەروونییەکانی CBT گەڵاڵەمەند و بە پێی پرۆگرامێکی تایبەت بەڕێوە دەچێت؛ هەروەها ماوەی دەرمان کورت خایەنە.
چارەسەری دەروونی دەروونشیکاری لە لایان زیگمۆند فرۆیدەوە بنیات نراوە. دەروونشیکاری لەسەر ناهۆشیار دەوستێت و دەیهەوێت ناکۆکی و ململانێی ژیان بە شێوەی بنەڕەتی چارەسەر بکات. چارەسەری دەروونی دەروونشیکاری بۆ کەسی خەمۆک یەک یا دوو جەلەسە لە هەفتەدا بەڕێوە دەچێت. زۆرتر لەسەر کێشەکانی ژیان جەخت دەکاتەوە و تا ڕادەیەک بۆ ڕابردوو دەگەڕێتەوە. دەروونشیکاری بۆ ئەو کەسانەی دەیانهەوێت گرفتەکانی ژیانیان بە شێوەی بنەڕەتی چارەسەر بکەن و هۆی کێشەکانی ژیانیان بزانن بژاردەیەکی گونجاوە.
پێشبینی
توێژینەوەکان نیشانیان داوە ئەو کەسانەی یەکەم جار تووشی خەمۆکی بوون لانیکەم جارێکی دیکە لە ژیانیاندا تووشی دەبنەوە.
ئەو کەسانەی خەمۆک بوون و بە شوێن چارەسەری گونجاو بۆ چارەسەر کردنی نەبوون بە شیمانەی زۆرتر خەمۆکی دووبارە سەر هەڵبداتەوە. هەروەها، گەر خەمۆکییەکە هاوکات لەگەڵ نیشانەکانی سایکۆز بووە و لە تەمەنێکی بەرایی دەستی پێکردووە ئەگەری ئەوە هەیە دووبارە سەر هەڵبداتەوە.
نەخۆشیی جەستەیی سەخت (شێرپەنجە، شەکرە، زەختی خوێن) و دۆخی نالەباری خێزان و ئابووری دەتوانێت ببێتە هۆیەک بۆ سەرهەڵدانی دووبارەی خەمۆکی.
دەرمان کردنی خەمۆکی لە کاتی خۆیدا زۆر پێویست و کاریگەرترە. بەشێکی بەرچاوی ئەو کەسانەی یەک جار تووشی خەمۆکی بوون تا کۆتایی ژیانیان چەند نیشانەیان لەگەڵ دەمێنێتەوە.
بیری خۆکوشتن و تەمەنی چاوەڕوانی ژیان
کەسانی خەمۆک تەمەنی چاوەڕوانکراوی ژیانیان لەو کەسانەی خەمۆک نین کورتترە. بەشێکی بەرچاوی ئەو ئاماژەیە دەگەڕێتەوە بۆ بیری خۆکوشتن. نزیکەی 50% ئەو کەسانەی بە خۆکوشتن دەمرن ئەزموونی بارودۆخێکی ناهومێدی و بێبەهاییان هەیە. خەمۆکی بە گشتی بە نەخۆشییەکی ژنانە پێناسە دەکرێت و لە ژناندا زۆرتر بەدی دەکرێت و هەوڵی خۆکوشتن لەواندا زۆرترە. پیاوەکان تووشی خەمۆکی شاراوە دەبن و زۆرتر لە ژنان خۆیان دەکوژن.
جێگای ئاماژەیە کە خەمۆکی وێکچوونێکی زۆری لەگەڵ ستریس و قەلەقی هەیە. کەسانی خەمۆک بە هۆی ئەو ستریسە زۆرتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵی دەماری دەبن.
سەرچاوەکان
Beck, A. T., & Alford, B. A. (2009). Depression: Causes and treatment. University of Pennsylvania Press.