لێکدانەوەی خەونەکان
کتێبی لێکدانەوەی خەونەکانی زیگمۆند فرۆید شێوەیەکی متمانەپێکراو و زانستیی بۆ شی کردنەوەی نەخۆشییە دەروونییەکانه.
کتێبی (لێکدانەوەی خەونەکان1)ی زیگمۆند فرۆید یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی سەدەی بیستەم بوو. ئەو کتێبە بۆ یە کەم جار لە ساڵی ١٩٠٠دا بڵاو کرایەوە، کە بنەمایزانستی پێشکەوتووی خەونەکان و شێوازێکی داهێنەرانە بۆ لێکدانەوەی خەونەکان پێشکەش دەکات و تا ئەمڕۆ خوێنەرانێکی زۆری هۆگری خۆی کردووە.
کتێبەکە یەکەمین هەوڵی گەورەی فرۆید بۆ دانانی بنەمای زانستی خۆی سەبارەت بە نائاگاییەکی سەقامگیر نیشان دەدات، کە لە منداڵیدا دروست بووە و بەردەوام لە مێشکی هەموو مرۆڤێکدا چالاکە و کار دەکات. بە بڕوای فرۆید خەون بینین چالاکییەکی دەروونییە کە پەیڕەوی لە ڕێگای تایبەت بە خۆی دەکات. فرۆید بە دەستنیشانکردنی ڕێوشوێنە گونجاوەکان، ڕۆشنایییەکی نوێی خستە سەر کردەوەی نائاگا و ڕۆڵێکی بەهێزی لە ژیانی مرۆڤدا هاویشتووە.
فرۆید لێکدانەوەی خەونەکان بە ڕێگایەکی شاهانە بۆ ناسینەوەی نائاگا دەزانێت. ئەوە ‘ڕێگای سەرەکی شاهانەیه ‘یە کە هەموو کەسێک دەتوانێت بۆ دۆزینەوەی ڕاستی پێواژۆی نائاگای خۆی تێیدا گەشت بکات. هەمووان خەون دەبینن و بەهۆی ئەمەوە یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ تێگەیشتن لە بنەمای زانستی دەروونشیکاری فرۆید بە شێوەیەکی کردەیییە. فرۆید ئەوەندە متمانەی بە دۆزینەوەکانی هەبوو کە بە گاڵتە بۆ هاوڕێکەی ویلهێڵم فلیس2 نووسی:
” پێت وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان تابلۆیەکی مەڕمەڕ لەسەر ماڵەکە دادەنرێت کە بڵێت: لەم ماڵەدا لە ڕێکەوتی ٢٤ی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٨٩٥ نهێنی خەونەکان بۆ دکتۆر زیگمۆند فرۆید ئاشکرا بوو؟” ئەمڕۆ بەڕاستی تابلۆیەکی یادگاری هەیە کە ئەو شوێنەی فرۆید دەستی بە نووسینی کتێبی لێکدانەوەی خەونەکان کردووە نیشان دەدات!
بە شێوەیەکی نائاسایی بۆ مۆنۆگرافیای زانستی، لێکدانەوەی خەونەکان کتێبێکی قووڵی تاکەکەسییە. زۆرێک لەو خەونانەی لە کتێبەدا باس دەکرێن هی فرۆیدن، هەرچەندە باسی سەدان خەونی نەخۆشەکانیشی دەکات.
ئێمە لە کتێبی لێکدانەوەی خەونەکانی زیگمۆند فرۆید وردەکارییەکانی ڕووداوە گرنگەکانی ژیانی لەسەر جیهانی ناوەوەی ئەو دەبینین. مردنی باوکی و هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ مارتا بێرنایز و لەدایکبوونی منداڵەکانیان هەموویان بە شێوەیەکی بەرچاو دەردەکەون. هەروەها خراپبوونی دۆخی سیاسی وڵاتی نەمسا/ڤییەن و سەرهەڵدانی دژە جووەکان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر نیشان دەدات. لە خەونەکانیدا وردەکارییەکانی ئەم ئەزموونانە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەگەڵ یادەوەرییەکانی بۆ سەرەتاییترین کاتەکانی منداڵی دەگەڕێنەوە و پێکەوە تێکەڵ دەبن.
بەهۆی ئەمەوە کتێبی “لێکدانەوەی خەونەکان”ی زیگمۆند فرۆید داهێنانی شێوازێکی تایبەتی ئەدەبی نوێیە. ئەم سەرچاوە فێربوونە لە ڕێگەی بنەمای زانستی خەونەکانی فرۆیدەوە ڕێنماییت دەکات. ئەم بەشانە بەوردی بە شوێن ئەوە دەکەون کە فرۆید چۆن بۆچوونی خۆی لە لێکدانەوەی خەونەکان دەستنیشان دەکات.
📖 ئەگەر دەتەوێت زیاتر دەربارەی ئەم کتێبە و ڕۆڵی گرنگی لە دەروونناسیدا بزانیت:
🌟 بابەتهکانی سایت بخوێنەرەوە
سەرچاوە:
ئەم بابەتە بە ناونیشانی «The Interpretation of Dreams» لە ماڵپەڕی www.freud.org بڵاوکراوەتەوە و لە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی لەلایەن گرووپی دەروونناسانی نۆڕینگەی تاو بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە.