گرنگترین دۆزینەوەکانی زیگمۆند فرۆید
یەکێک لە بیرمەندە گرنگەکانی سەدەیبیستەم و نووسەری دەروونشیکاریی زیگمۆند فرۆیدە کە زانستوانێکی بوێر و داهێنەر بوو. سەرەتا لە سەردەمی فرۆیددا ئەم بوێرییە ڕووبەڕووی بەرخۆدان بووە. بەڵام دواتر بەو بەردەوامییەی لە دۆزینەوە و پێشکەشکردنی ئەم دۆزینەوانەدا هەیبوو، وردە وردە سەرنجی کۆمەڵگەی زانستی ئەو سەردەمە و دەیان ساڵ دوای خۆی بۆ بیرۆکەکانی خۆی ڕاکێشا. فرۆید کە بیرمەندێکی بەرهەمدار و ماندوونەناس بوو، لە سەرەتای ژیانی زانستییەوە تا ساڵی ١٩٣٩ کە لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دەیان وتار و کتێبی نووسی و بیرۆکەی درەوشاوەی پێشکەش کرد. لێرەدا هەوڵمان داوە بەشێک لە میرات و دۆزینەوە گەورەکانی زیگمۆند فرۆید بە زمانێکی سادە و زۆر بە کورتی بناسێنین.
فرۆید سەرەتا لەگەڵ نەخۆشانی هیستریا دەستی بە کار کرد. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا کە سەرەتای کارەکانی فرۆید بوو، هیستریا نهێنیتریین نەخۆشی ئەو سەردەمە بوو. دکتۆرەکان و چارەسەرکەران هێزی سەرسوورهێنەری نهێنی هیستریایان بەرز نرخاند. یەکێک لە دکتۆر کاریگەر و زیرەکەکانی ئەو سەردەمە ژان مارتن شارکۆ 1بوو، کە بەشێکی گرنگی ژیانی پیشەیی خۆی بە خوێندن و چارەسەرکردنی نەخۆشانی هیستریا بەسەر بردووە. هیستریا تەنیا کۆمەڵێک نیشانەی جەستەیییە کە سەرچاوەیەکی جەستەیی نییە. وەک ئیفلیجی ئەندامێک یان کۆمەڵێک ئەندام لە کاتێکدا هیچ نیشانەیەک یان تێکچوونی جەستەیی بۆ ئەم نیشانانە نادۆزرێتەوە. فرۆید لە کاتی کارکردن لەگەڵ نەخۆشانی هیستریادا بۆی دەرکەوت کە ئەو نیشانانەی کە ئەم نەخۆشانە بەدەستیەوە دەناڵێنن، مانای ئاشکرا و شاراوەیان هەیە.
📚 جیهانی نهێنی دەروونناسی لەگەڵ زیگمۆند فرۆید
✨پێشنیار دەکەین تەواوی بابەتەکەمان لە ماڵپەڕەکەدا بخوێننەوە
🔗 لێکۆڵینەوە لە بابەتەکانی زیگمۆند فرۆید
چارەسەری لەسەر بنەمای قسەکردن
بە تێپەڕبوونی کات، فرۆید تێگەیشت کە هەموو نیشانە دەمارگیرییەکان پەیام گەلێکن کە ناوەڕۆکێکی دەروونی سەرکوت کراوە و بەو هۆیەوە نائاگایان هەیە.ئەمەش وای لێ کرد «چارەسەری لە ڕێگای قسەکردن» بنیات بنێت و پەرەی پێبدات. ئەم شێوازەی چارەسەرکردن شۆڕشێکی گەورەی لە پێکهاتەی نێوان نەخۆش و چارەسەرکەردا کرد. فرۆید هەفتەی شەش ڕۆژ سەردانی نەخۆشەکانی دەکرد و لە کاتێکدا لەسەر قەنەفە پاڵ کەوتبوون، بە وردی گوێی لێ دەگرتن و ئەو قسانەی لێک دەدایەوە. نەخۆشەکانی کە لەلایەن فرۆیدەوە داوایان لێ دەکرا هەرچییەک هاتە مێشکیان بیڵێن، ئەو پەیوەندییانەی کە بووەتە هۆی ململانێی نائاگا کە پەیوەست بوون بە ئەزموونە سەرکوت کراوەکانی منداڵی و ئاوات و خەیاڵەکانی پێشکەش بە فرۆید دەکرد. کاتێک ئەم ئەزموونە نائاگا سەرکوت کراوانە هاتنە ناو کایەی هۆشیارییەوە و شیکرانەوە، نیشانەکان نەدەمان.
ئەم شێوازەی فرۆید نەک تەنیا بوو بە شێوازێکی چارەسەری بەهێز، بەڵکوو بۆ لێکۆڵینەوە لە دەروونی مرۆڤدا بوو بە ئامرازێکی کارا و بوو بە هۆی پەرەپێدانی بیرۆکەیەکی دەروونشیکاری زۆر ئاڵۆز سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی مێشک. ئەم شێوازە لە دوای فرۆیدەوە فراوانتر بوو تا ئێستا کە، بوارە جۆراوجۆرەکان، وەکوو بواری دەمار، دەروونشیکاری، لەم بیرۆکەیە بنەڕەتییانەی دەروونشیکارییە.
دۆزینەوە سەرەتایییەکانی فرۆید
دۆزینەوە سەرەتایییەکانی فرۆید وای لێ کرد کە پێشەنگی بۆچوونە نوێیەکان بکات:
- نائاگا
نائاگا لە ڕاستیدا گەورەترین دۆزینەوەی فرۆید بوو. لەگەڵ دۆزینەوەی نائاگا، دەرگای نوێ بەڕووی مرۆڤدا کرایەوە. بێگومان نائاگا دۆزینەوەی فرۆید نەبوو و زانایان پێش ئەو باسیان کردبوو، بەڵام ئەوەی کە توانی بە شێوەیەکی بەرفراوان وەسفی نائاگایی بکات و میکانیزمەکەی شی بکاتەوە فرۆید بوو.
فرۆید کوتی ژیانی دەروونی زیاتر لەوەیە کە ئێمە لێی ئاگادارین. گوتی « ئیگۆ خاوەن ماڵ نییە » واتە شتانێک هەن کە تاکەکەس ئاگاداری نییە (ئیگۆ بەشێکە لەو ڕێکخستنە دەروونییەی کە فرۆید پێشکەشی کردووە). بەشێکی سەرەکی مێشکمان نائاگایە و تەنیا لە ڕێگەی دەروونشیکارییەوە دەتوانرێت دەستی بەم بەشە بگات.
- ئەزموونی منداڵی
ئەزموونەکانی سەرەتای منداڵی تێکەڵاوییەکە لە خەیاڵ و ڕاستی. ئەم ئەزموونانە بە ئارەزووی سۆز، هاندەری دەستەمۆنەکراو، و دڵەڕاوکێی منداڵانە دەناسرێن. ئارەزووی کۆنترۆڵکردن و سەربەخۆیی بە ترسی دەستکاریکردن یان وازهێنانەوە پەیوەستە. جیابوونەوە لە چاودێرێکی بەرچاو دەتوانێت هۆی بەرکەوتن، بێدەسەڵاتی و تەنیایی بێت. خۆشویستنی دایک یان باوکێک لەوانەیە مەترسی لەدەستدانی خۆشەویستی ئەوەیتری بە دواوە بێت. بۆیە ئارەزوو و ترسە سەرەتایییەکان لەو شوێنانەی کە چارەسەر ناکرێن دەبێتە هۆی ناکۆکی، سەرکوت دەکرێن و بەم شێوەیە دەبنە بەشێک لە نائاگایی.
- قۆناخەکانی گەشەکردن
گەشەکردنی دەروونی سێکسی: فرۆید بۆی دەرکەوت کە پێگەیشتنی وردە وردەی کارەکانی جەستە کە سەنتەری ناوچە ئیرۆتیکیکان (دەم، کۆم، ئەندامی زاوزێ) لەگەڵ ئەو چێژ و ترسانەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ شتەکانی چاودێریدا ئەزموون دەکرێن، گەشەکردنی دەروونی منداڵ پێک دەهێنن.
گرێپووچکەی ئۆدیپ ئاڵۆزی سەرەکی هەموو دەمارەکانە. منداڵێکی چوار بۆ شەش ساڵان ئاگاداری سروشتی سێکسی پەیوەندی دایک و باوک دەبێت، کە منداڵان لێی دوور دەخرێنەوە. بەخیلی و ڕکابەری سەر هەڵدەدات و دەبێت چارەسەر بکرێت، لەگەڵ پرسیارەکانی ئەوەی کە کێ پیاوە و کێ ژنە، کێ دەتوانێت کێی خۆش بوێت و هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، چۆن کۆرپە دروست دەبێت و لە دایک دەبێت، منداڵەکە لەگەڵ گەورەکاندا بەراورد بکە کە دەتوانێت چی بکات و ناتوانێت چی بکات. چارەسەرکردنی ئەم پرسیارە چالاکانە، عەقڵی گەورەساڵان و سوپەرئیگۆ دادەرێژێت .
- تەکنیکە دەروونشیکارییەکان
سەرکوت کردن2 هێزێکە کە فەنتازیا نائاگا مەترسیدارەکانی کە پەیوەندییان بە بەشە چارەسەرنەکراوەکانی ململانێکانی منداڵییەوە هەیە دەپارێزێت. خەونەکان بەدیهێنانی ئاواتەکانن. زۆر جار خەونەکان نوێنەرایەتی بەدیهێنانی خەیاڵە سێکسییەکان یان ئارەزووەکانی منداڵی دەکەن. لەبەر ئەوەی بە شێوازێکی تایبەت دەردەکەون (وەک دیمەنی بێمانا، سەیر، یان ناتەبا) بۆ ئەوەی مانای نائاگایی خۆیان ئاشکرا بکەن پێویستیان بە شیکاری هەیە. فرۆید لێکدانەوەی خەونەکانی بە ڕێگای گەورەی ناساندنی نائاگا ناو برد.
جێگۆڕی مەیلی بەربڵاوی مێشکی مرۆڤ بۆ چاودێریکردن و دیاریکردنی بارودۆخی نوێ لە شێوەی ئەزموونی پێشوودایە. لە دەروونشیکارییدا، جێگۆڕی کاتێک ڕوو دەدات کە نەخۆش وەک یەکێک لە دایک و باوک یان ئۆبژە سەرەکییەکانی منداڵەکە سەیری شیکارکەر بکات، کە دەتوانێت ململانێ یان شۆکی گەورەی کۆرپەیی لەگەڵ ئەوان دووبارە ئەزموون بکات، وەک ئەوەی دیسان لە پەیوەندییە سەرەکییەکانی نێوان منداڵ و دایک و باوکدا بێت.
ئیدئیگۆ و سوپەرئیگۆ: ئیگۆ بنکەی هۆشیارییە، نوێنەری مێشک کە شتە کپ کراوەکان دەگونجێنێت، هاندەرەکان و مەیلە جۆراوجۆرەکان پێش ئەوەی ببنە کردار یەک دەخات. ئید بەشی نائاگایی مێشک، شوێنی ناوەڕۆکی سەرکوتکراو و شوێنەواری یادەوەری نەناسراوی منداڵییە. سوپەرئیگۆ ڕێنوێنی مێشک و ویژدان، پارێزەری قەدەخەکردن و ئیدیاڵە کە دەبێت هەوڵی بۆ بدەین.
📖ئایا سەبارەت بە دەروونناسی پێویستت بە ناوەڕۆکی زیاترە؟
🌈 چاوەڕێی ئێوەین لە ئینستاگرام و تێلێگرام!
📸 پەیجی ئینستاگرامەکەمان
📲 کەناڵی تێلێگرامەکەمان
سەرچاوە
ئەم بابەتە بە ناونیشانی «Freud’s major discoveries and innovations» لە ماڵپەڕی IPA بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن گرووپی دەروونناسانی نۆڕینگەی تاو بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە.