خشتەی ناوەڕۆک
منداڵیی وەکوو دەورەیەکی هەستیار
لە دەروونناسی، منداڵی وەکوو سەردەمێکی زۆر هەستیار سەیر دەکردرێت. بۆ زۆربەی دەروونناسان و دەروونشیکاران منداڵی تەمەنێکی زۆر تایبەتە. ئەوەندە تایبەت کە زیگمۆند فرۆید بنیاتنەری دەروونشیکاری1 دەڵێت کەسایەتیی مرۆڤ لە پێنج ساڵی سەرەتای منداڵی چێ دەبێت و دووایی ساڵەکان تەنیا دووپاتەوە بوونەوەی ئەو هەست و سۆز و عاتیفانەیە. لە منداڵدا چەند ناوەندی2 شیاوی سرنج هەن. دەروونناسان دەڵێن گەر منداڵێک کە گەشە دەکات و پەرە دەستێنێت بەسەر ئەو ناوەندانە بکەوێت تووشی ناخۆشی دەبێت و ڕەفتارەکانی لە ئێستا یان لە داهاتوودا دەگۆڕدرێت.- گرینگترینیان کەمتەرخەمی لە ڕووی سۆزەوەیە؛ گەر پەیوەندییەکی پتەو نێوان دایکوباب و منداڵ لە ڕووی سۆزدارییەوە دانەمەزرێت لێکەوتەی خراپی لە سەر ژیان، دەروون و جەستەی منداڵ دەبێت. منداڵەکان دەبێ هەست بەوە بکەن کە لە لایان کەسانی گرینگی ژیانیان بە تایبەتی دایکوباب وەردەگیرێن و خۆش دەویسترێن.
- ناوەندێکی دیکە کەمتەرخەمی لە ڕووی جەستەوەیە کە دەگەڕێتەوە سەر لایەنی جەستەیی منداڵەکان. بە پێی ئەو باوەڕە، ئەو منداڵانەی بە باشی نانیان نەخواردووە یان جێگەی خەویان ئارام نەبووە یان بارودۆخی دەوروبەریان زۆر شەڵەژاو بووە منداڵییەکی ناخۆشتریان دەبێت.
- ناوەندێکی دیکە توندوتیژییە. ئەو ناوەندە، زۆرتر جەخت دەکاتە سەر ئەو منداڵانەی وەبەر هەڵسوکەوتی خراپ کەوتوون یان بەردەوام جنێویان پێ دراوە. دەسدرێژی سێکسیش ئەو لایەنە زۆر هەستیارە لەخۆ دەگرێت. ئەو منداڵانەی وەبەر ڕەفتاری زۆرەملی یان کەڵەگایەتی هاوتەمەنەکانیان دەکەون وەکوو ئەوەی لە باغچەی ساوایان بە زۆر خواردەمەنییەکانیان لێ دەستێندرێت یان پێیان پێدەکەنن کە تەریق ببنەوە بەو ئەزموونە لە قاو دەدرێت کە لە درێژخایەن دا ئاکامی مێشکی منداڵەکان بە لای خراپەوە دەگۆڕێت.
نووسەر: ئەمیر عەبدوڵاپوور دەروونناسی کلینیکی تاو